شاندی دەم پارتی و عەبدوڵلا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەدان

شاندێکی دەم پارتی سەردانی زیندانی ئیمرالییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەدان.
موراد ئەکەنجی، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 28-12-2024، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی دەستی پێ کرد.
به گوێرهی زانیارییهكانی پەیامنێری کوردستان24، ههر یهك له سوورهیا ئۆندهر، جێگری سهرۆكی پهرلهمانی تورکیا و پهروین بوڵدان، پهرلهمانتاری دهم پارتی له پهرلهمانی توركیا، سهردانی زیندای ئیمرالییان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێنجشهممه، 26ـی كانوونی یهكهمی 2024، وەزارەتی دادی تورکیا، داوای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ بینینی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی قبووڵ کرد.
پێشتر، ڕۆژی سێشەممە، 03-12-2024، شاندێکی دەم پارتی بە یاوەری دەیان سیاسەتمەدار و چالاکوانی باکووری کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی تورکیایان کرد و داوای دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجەلان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە مامی کەوت.