وەزیری بەرگریی ئێران: لە سووریا بووین بۆ هاوکاری سەقامگیریی ئەو وڵاتە

عەزیز نەسیر زادە، وەزیری بەرگری ئێران
عەزیز نەسیر زادە، وەزیری بەرگری ئێران

بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە دۆخی سووریا وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەدەنەوە کە داوای لێکردوون نەبنە هۆکاری ئاژاوە و دووبەرەکیان لە سووریا، ڕیز لە سەروەریی ئەو وڵاتە بگرن.

وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت: دوای سووریا، نۆرەی وڵاتانی عەرەبی دێت نەوەک ئێران، دەشڵێت: ئەمەریکا و ئیسرائیل بە هیچ سازشێک واز لە وڵاتانی عەرەبی ناهێنن و دەستی لێ بەرنادەن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی کۆمکاری عەرەبی دەڵێت: ئێمەش وەک ئێوە داوای سەقامگیریی و ئارامی و نەبوونی ئاژاوە لە سووریا دەکەین، بەڵام تێپەڕبوون لەو دۆخەی ئێستای ناوچەکە، پێویستی بە عەقڵانییەت و هاوبەشی و هاوکاری و دوور لە کەوتنە لە دووبەرەکی نانەوە و بەرژەوەندیخوازیی هەیە.

هاوکات عەزیز نەسیر زادە، وەزیری بەرگری ئێران دەڵێت:کە ئێمە لە سووریا بووین، هاوکاری سەقامگیریی ئەو وڵاتەمان دەکرد، ئێستا ئەمەریکا بەشێکی زۆری داگیرکردووە، ئیسرائیل هەر شوێنێکی پێ خۆش بێت، تەراتێنی تێدا دەکات، ئینگلیز و فەرەنسا و هەموو وڵاتانی دیکەی لێیە، با ئەمانە سەقامگیری سووریا بپارێزن، خۆ ئێستا ئێمە لەوێ نەماوین، لە چی دەترسن بەیاننامە بڵاو دەکەنەوە، لە گوتاری ئێمە دەترسن، ئەوانە لە موقاوەمە دەترسن.

نەسیر زاد جەختی لە بەهێزی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: ئەمەریکا و ئیسرائیل کۆمەڵێک کۆد دەنێرن کە دوای سووریا، نۆرەی یەمەن و ئێرانە، بەڵام ناتوانن بەرەنگاری ئێمە ببنەوە، خەڵکی ئێمە خۆ ڕاگرن، نەسیر زادە دەشڵێت: من دەڵێم دوای سووریا، نۆرەی وڵاتانی عەرەبییە، خۆ ئەوانە دەستتان لێ هەڵناگرن، بەو خۆ بەدەستەوەدان و سازشکردنە لێتان نابنەوە، ئەوانە هەموو شتێکیان دەوێت، بەڵام ناتوانن بەرەنگاری ئێمە ببنەوە.

هاوکات ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئێستا ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر سامانی ڕۆژئاوای ئاسیادا بگرێت و موسڵمانانیش دەستبەسەر بکات، لەبەرامبەر ئەو ئامانجەشیدا، تەنها حکوومەتی ئێران بە بەربەست دەزانێت و بۆ تێپەڕبوون لەو بەربەستەش، هەموو توانا نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی بەکاردێنێت، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە، دەبینن هەموو خواستەکانیان لەلایەن گەلی ئێرانەوە پووچەڵ دەکرێنەوە و لە سووریاش هیچ دەستکەوتێکیان نابێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment