ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ دان بە حکوومەتی نوێی سووریادا بنێت

پەخشی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگەدار ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، هەوڵی خۆی دەدات بۆ داننان بە شەرعیەتی ئیدارەی نوێی سووریا پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا.
سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، بە حکوومەتێکی شەرعی ڕابگەیەنێت."
بەپێی سەرچاوەکە، ئامانجی ئیدارەی ئەمەریکا ئەوەیە پێش ئەوەی ترەمپ بچێتە کۆشکی سپی، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حکوومەتی نوێ لە دیمەشق بکات.
بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە ناو دیمەشق و ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس هێنا.