کوردستان24 بە فەرمی بانگهێشتی پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی چین کرا

تیمی کوردستان24 لە گەشتێکی پێشووتریدا بۆ چین، بانگێشتێکی فەرمی کرا بۆ ئامادەبوون لە سێیەمین پێشانگای بازرگانی دیجیتاڵی نێودەوڵەتیی لە هانگ ژۆیی چین، ڕووبەری پێشانگەکە 150 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و هەزار و 500 کۆمپانیا بەشدارییان تێدا کردووە، لە پێشانگاکەدا نوێترین ڕۆبۆت و نوێترین فڕۆکە کە بە سیستەمی زیرەک کار دەکات، نمایش کراوە.
بەشێکی پێشانگاکە نوێترین سیستەمی زیرەک و ڕۆبۆت و کەرەستەکانی ڕۆبۆت نمایش کراون، دەیانەوێت پێشکەوتنەکانیان نیشانی جیهان بدەن و لە داهاتوودا سوودیان لێ وەربگیرێت.
جای خۆی ڕۆبۆت، ناوی ئەو ڕۆبۆتەیە کە لە ماوەی شەش ساڵدا دروست کراوە، خاوەنی ڕۆبۆتەکەش دەڵێت: "سوود لە ڕۆبۆتەکان وەردەگرین، بەڵام جێگای مرۆڤ ناگرنەوە."
بریکاری کۆمپانیای ڕۆبۆتەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕۆبۆتەکانمان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ جێگرتنەوەی مرۆڤەکان بەکار دەهێندرێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەندێک کاری مەترسیدار و کەمکردنەوەی زیانەکانی لەسەر مرۆڤ."
لە پێشانگاکە نوێترین درۆن و فرۆکەی بێفڕۆکەوان نمایش کراون بەشێکیان بۆ مەبەستی چاودێری و بەشێکیشیان بۆ مەبەستی سەربازیی سوودیان لێ وەردەگیرێت، ئەوانەی سەردانی پێشانگاکەش دەکەن دەڵێن: "دڵخۆشین بەم پێشکەوتنانەی وڵاتی چین."
سەردانیکەرێک دەڵێت: "لە پێشانگاکەدا دەتوانیت زۆر شتی نایاب لە نزیکەوە ببینیت و ئامێری زۆر تایبەت و پێشکەوتوو نمایش کراون، هەستێکی خۆشە کە دەتوانیت دەستیان لێ بدەیت یان لە کاتی تاقیکردنەوەدا تەماشایان بکەیت. هەروەها زۆر بەسوودە کە زانیاری لەسەر نوێترین بەرهەمی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیکان کۆ بکەیتەوە و هۆشیار بیت بە پێشکەوتنە سەردەمیەکان."
لە پێشانگاکەدا هەزار و 500 کۆمپانیا لە 32 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان تێدا کردووە و ملیۆنان هاووڵاتی سەردانی دەکەن.