وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بە هۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەرمان دەرکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە هۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەری وەزارەتەکەیان دەرکردووە. گوتیشی 148 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.

یەکشەممە، 29-12-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لـــە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سەرجەم کامێراکانی سەر سنووری عێراق-سووریا وێنەکان ڕاستەوخۆ دەگوازنەوە بۆ بەغدا و لە ناوەندەوە چاودێریی دەکرێن."

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش دا "14 هەزار و 797 دۆسیەی گەندەڵی لەنێو ئەفسەرانی ناوخۆ هەبووە، دوو هەزار و 103 ئەفسەر بەهۆی گەندەڵییەوە لە کارەکانیان دەرکراون."

لەبارەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش، میری گوتی: "لە سەدا 83 کردەوە تیرۆریستییەکان لە عێراق کەم بوونەتەوە، هەروەها ڕێژەی تاوانی مەترسیدار سەدا 20 کەم بووەتەوە."

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق  ئاماژەی بەوە دا "662 تۆڕی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرمان هەڵوەشاندووەتەوە و 148 تۆمەتباریش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە."