بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزی، نزیک کەناراوی فەرەنسا نقوم بوو

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 29 ی کانوونی یەکەمی 2024، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزی، نزیک کەناراوی فەرەنسا، نقوم بووە. بەپێی گوتەی پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاریی، سێ سەرنشینی بەلەمەکە مردوون و گومانیش دەکرێت لەبەر ئاڵۆزیی دەریا و سەرمای سەخت، ژمارەی مردووەکان زیاتر بێت.
لە شاری سانت گاتيی سەر دەریای باکوور لە فەرەنسا، تیمە فریاگوزارییەکان هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی سەرنشینانی بەلەمەکە.
ژمارەیەکی زۆر لەتیمی فریاگوزاری پێکهاتوو لە پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە و پاسەوانی کەناراوەکان بۆ فریاکەوتنی سەرنشینانی بەلەمەکە گەیشتوونەتە بنکەی فریاکەوتنی تۆم سوڤیلێی فەرەنسا.
دوا هەواڵەکان وا دەگەیەنن کە تا ئێستە 30 سەرنشینی بەلەمەکە ڕزگارکراون و فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کراوە. هەر بە گوێرەی هەواڵی گەیشتووە، پتر لە 10 سەرنشین لەسەرما، باری تەندروستیان تێک چووە، پاش ئەوەی لە لایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە لە ئاوی ساردی کەناڵی ئینگلیز دەرهێنراون.
لە دووەم ڕۆژی کریسمس و 27 ەمی ئەم مانگەدا زیاتر لە سەدان کەس هەوڵی پەڕینەوەیان لەو کەناڵە داوە. ئەوانە بە بەلەمی بچووک و لەلایەن قاچاخچییانی مرۆڤەوە، لە بەرانبەر پارەیەکی زۆردا بە هیوای گەیشتن بە بەریتانیا، خۆیان لەو ڕێگە سەخت و هات و نەهاتە دەدەن.
تا ئێستە نازانرێت سەرنشینانی بەلەمەکە سەر بە چ نەتەوەیەکن.