حکوومەتی تورکیا بڕیاری داوە جیاکاریی لە نێوان شارە کوردییەکان و شارەکانی دیکە نەهێڵێت
وەزیری پیشەسازی تورکیا: بە بەهای 14 ملیار دۆلار 198 پرۆژە جێبەجێ دەکەین

دوای سەردانەکەی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان، وەزیری پیشەسازی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان شارە کوردییەکان و شارەکانی دیکەی تورکیا، جێبەجێکردنی چەندان پرۆژەی ستراتیژی بە گوژمەی 14 ملیار دۆلار پەسەند کردووە.
محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 29 کانوونی یەکەمی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا پلانێکی بە گوژمەی 14 ملیار دۆلار پەسەند کردووە، بۆ ئەوەی لە چوار ساڵدا 198 پرۆژە لە باکووری کوردستان جێبەجێ بکات.
وەزیری پیشەسازی تورکیا گووتیشی: ئەو پرۆژانە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئابووری و بوژانەوەی ژێرخانی شارە کوردییەکانە، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی تورکیا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆی، دەم پارتی دوای سەردانی شاندەکەیان بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئاماژەیەکی ئەرێنی هەبوو بۆ داواکارییەکانی ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، کە تێیدا هاتووە ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەرێکی ئەرێنی خستووتەڕوو، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە:" بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، هاوکات گرنگی و پێویستییەکی چارەنووسسازی بۆ هەموو گەلان".