هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا پشتیوانی لە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەکەن

پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا، لە بارەی دیدارەکەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕادەگەیەنن.
شاندی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێ شەممەی 28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی، ئۆجەلان گوتویەتی:"بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و بونیاتنەریان هەبێت، بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت."
لە بارەی پەیامەکەی ئۆجەلان و هەنگاوێکی نوێی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لایەنە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستیان بەم شێوەیە:
هەڵوێستی دەم پارتی
تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژووییە، ناکرێت بەهێزکردنی هاوپەیمانێتیی کورد و تورک لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی و دیموکراسی دوابخرێت.
جەختیشی لەوەکردووە، پەرلەمانی تورکیا گرنگترین شوێنی ئەم قۆناغەیە و ئێستا لەبەردم دەرفەتێکی مێژوویدان، دەتوانن پێکەوە ئاییندەیەکی گەش بنیاد بنێن.
هەڵوێستی جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، پێویستە قۆناغەکە بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی جەهەپە گوتیشی، کاتێک وردەکارییەکان ئاشکراکران، ئەوکات لەناو حزب هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، بەڵام گرنگترین خاڵ ئێستا لەلای ئێمە، ئەوەیە ژیان و گوزەرانی خانەوادەی شەهیدان و کەمئەندامان لەبەرچاو بکرێت و باشترین هاوکارییان بکرێت.
هەڵوێستی یەنیدەن رەفا
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفا دەڵێت: بۆ دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ ئامادەین.
گوتیشی:پشتیوانی لە چارەسەری دەکەین، لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان خەڵک خاوەنی چ مافێک بێت، پێویستە لە ڕۆژهەڵاتیش هەمان مافیان هەبێت؛ زمانی فەرمیی وڵاتەکەمان تورکییە، بەڵام دەکرێت لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن زمانی کوردی بخوێندرێت، یان لە زانکۆکاندا بەشی خوێندنی زمانی کوردی هەبێت، بەڵام هەموو ئەو مافانە دەکرێت بە مەرجی پاراستنی یەکپارچەیی.
دیداری دەم پارتی و ئۆجەلان لەسەر داواکارییەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هات و داوای کردبوو، ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و لەوێوە چەکدانانی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان بەڕێوەچوو، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن ئاخۆ هەنگاوی داهاتووی ئۆجەلان و حکوومەتی تورکیا چی دەبێت.