ئەرکان بیبانی: ڕێگریمان لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کردووە

ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایدەگەیەنێت: بە دەستگیرکردنی هەزاران بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سەرتاسەری هەریمی کوردستان، وایان کردووە دەستکەوتنی ماددەی هۆشبەر لە ئێستادا ئاسان نەبێت.
یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەروارد بە هەرێمی کوردستان زیاترن، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە کابینەی نۆیەم توانیمان ستراتیژیەتێکی ورد دابڕێژین بە پشتیوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بە وشک کردنی شادەماری هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان، توانیومانە بازرگانی یەکجار زۆر مەترسیدار کە چەندین وڵاتی بڕیووە، دەستگیریی بکەین و بیگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە سزایی یاسایی بگات کە ڕێژەیەکی زۆری ماددەی هۆشبەری هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
بیبانی گوتی: هەوڵمانداوە ماددەی هۆشبەری کریستاڵ بخەینە خشتەی یەکەم بۆ ئەوەی سزاکەی توندتر بکرێت، لە دادگای کەتنەوە بهێندرێتە دادگای تاوان، چونکە کریستاڵ یەک لەو جۆرە ماددە هۆشبەرانەیە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەربڵاوە، هەوڵمانداوە ڕێگریی بکەین لەوەی کوردستان ببێتە ناوەندێک بۆ ترانزێتی ماددەی هۆشبەر، ئەمە وای کرد بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان وڵاتانی دیکە بکەنە ترانزێت.
ئەرکانی بیبانی ئاماژەی بەوە کرد، بوونی بۆشایی ئەمنی و گرووپی چەکداریی، هاوکارن بۆ ئەوەی بازرگانان ماددەی هۆشبەر بێننە نێو عێراق، بەڵام سنوورەکانی هەرێمی کوردستان توند و تۆڵن و ڕێگە بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر نادرێت.
لەبارەی ژمارەی دەستگیرکراوانیش، ئەرکان بیانی گوتی: پار، 3553 تۆمەتبار لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، 1070 تۆمەتباریان لەو ژمارەیە، کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەر کردووە، لەبەر ئەوەی هەوڵەکان زۆر بە توندی بەردەوام بوون بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، ئێستا دەستکەوتنی ماددەی هۆشبەر کارێکی ئاسان نییە، وامان کردووە بڵاو بوونەوەی ماددەی هۆشبەر پەرە نەستێنێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵمەتی هۆشیاریمان بۆ هاووڵاتییان بەڕێوەبردووە و کافتریاکان بەسەر دەکەینەوە و پشکنینیان بۆ دەکەین لەگەڵ ئەوانەی لە کافتریاکان دەبن، بەڵێننامەمان بە 700 دەرمانخانە پڕ کردووەتەوە دەرمانی هۆشبەر بەبێ ڕاچێتەی دکتۆر بەهیچ کەسێک نەدەن.