ئەڵمانیا پرۆژەی فریاگوزاریی لە سووریا جێبەجێ دەکات

داوی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەڵمانیا نیازی وایە بە بەهای 60 ملیۆن یۆرۆ ژمارەیەک پرۆژەی فریاگوزاری لە سووریا جێبەجێ بکات.

 سڤێنجا شوڵز، وەزیری هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە "بارودۆخی سووریا کارەساتبارە، چەندان ساڵە هاووڵاتییانی سووریا لە دۆخێکی سەختدا دەژین." 

نزیکەی 14 ساڵە شەڕ وئاڵۆزی لە سووریا بەردەوامە و %90ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پشت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.

شوڵز، گەشبینە بەداهاتووی سووریا و پێیوایە گۆڕانکارییەکان دڵخۆشکەرن و جێگای هیوان.

بەگوێرەی پلانی وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا، 25 ملیۆن یورۆ بۆ سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان ( یونسێف) تەرخان دەکرێت، بۆ ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە یان برینداری شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سووریا بوونە، هەروەها 19 ملیۆن یورۆ بۆ پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان تەرخان دەکرێت.

ئەڵمانیا لە بووجەی ساڵی 2024 دا، 132 ملیۆن یورۆی بۆ پرۆژەکانی پەیوەندیدار بە سووریا تەرخان کردبوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment