سوپای عێراق لە دادگای کەرکووک سکاڵا دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکات

سوپای عێراق لە دادگای کەرکووک سکاڵا دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکات و داوای دوو هەزار دۆنم زەوی لە جوتیارانی گوندی تۆبزاوە دەکات کە ڕژێمی پێشوو دەستی بەسەردا گرتبوو دواتر داویەتی بە وەزارەتی بەرگریی، جووتیارانی کوردیش کە تاپۆی سەردەمی عوسمانیان هەیە دەڵێن ئەو زەوییانە موڵکی باب و باپیرانمانه‌ و ڕادەستی هیچ کەسێکی ناکەین.

عەباس عوسمان، خاوەنی 250 دۆنم زەوی گوندەکەیانە، مێژووی خاوەندارێتیان بۆ ئەو زەویانە، نزیکەی سەدەیەکە، لە باب و باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە و تاپۆی ڕەشی عوسمانی یان هەیە.

لەگەڵ ئەوەش دا هێشتا سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی زەوییەکان لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو دەستیان بەسەرداگیراوە و خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگریی، سکاڵایان لە عەباس و لە جووتیارانی کورد کردووە. 

عەباس عوسمان،  جوتیاری گوندی تۆبزاوە بە کوردستان24ـی  ڕاگەیاند "لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تاپۆی زەوییەکانمان پاراستووە و وەک بەڵگەیەکی زیندوو دەیسەلمێنین کە ئەم زەوییانە موڵکی ئێمەیە و هیچ کاتێک دەستبەردای یەک مەتر لەم زەوییانە نابین."

ماددەی 140 و نووسینگەی سیستەمی موڵکداری ڕایگەیاندووە و دەڵێت: "ئەم پارچە زەویانە گەڕاونەتەوە بۆ خاوەن موڵک، با ئەندام پەرلەمانەکانمان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەم نا دادپەروەرییە ڕابگرن."

کۆی ئەو زەوییانەی کە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی و سوپای عێراق ئێستا داوایان دەکات، دوو هەزار دۆنمە کە بەپێی ماددەی 140 نابێت هیچ گۆڕانێکیان تێدا بکرێت تاکو کێشەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

لای خۆیەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ جووتیارانی خۆمانین، چونکە جووتیارانی تۆپزاوە بە تورکمان و کوردەوە کە زەرەرمەندی یەکەمن، چ بە ئێمە و چ بەیاسا دەکرێت ئەو بابەتە چارە بکرێت، نەک بە دادگایەکی لۆکاڵی.

گوندی تۆبزاوە، لە ساڵی 1988 وێستگەی ئەنفالی کورد بووە، داگیرکردنەوەی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە وەک جووتیاران دەڵێن: "جارێکی دیکە ئەنفالکردنەوەی کوردە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment