بەفر ڕێگەی نێوان چەندان ناوچەی باتمانی داخستووە

ئەو شەپۆلی بەفر بارینەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی داخستنی ڕێگەی نێوان چەندان گوند و شارۆچکەی سنووری شاری باتمان و بە تەواوی هاتوچۆی پەک خستووە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، کاریگەرییەکانی بەفربارین هاتوچۆی نێوان شارۆچکەکانی کۆزلووک، ساسۆنی لەگەڵ سەنتەری شاری باتمان پەک خستووە، ئەمە جیا لەوەی لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا ڕێگەی گوندەکانی بە تەواوی داپۆشیوە و گرفتی هاتوچۆی لە نێوان گوندەکان و شارۆچکەکاندا دروست کردووە.

هەروا ئاماژەی داوە، بەفر، هاتوچۆی نێوان دەیان گوندی پەکخستووە و تیمەکانی بەفر ڕاماڵین بە تەواوی ئامێر و تواناکانیان لە پاککردنەوە و کردنەوەی ڕیگەکان، بەردەوامن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی شارەوانیی باتمان، تاوەکوو بەرە بەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە توانراوە، ڕێگەی گوندەکانی دێرینس، یوجەباغ و دۆرتبۆلوک لە سنووری شارۆچکەی ساسۆن لەبەردەم هاتوچۆی خەڵکی ناوچەکە و ڕێبواراندا بکرێتەوە و هەوڵەکانی کردنەوەی ڕێگەی نێوان گوندەکانی دیکەش بەردەوامە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment