ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان داوا لە ئیسرائیل دەکات، هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە ڕابگرێت و جەختیش لە دابین کردنی پێداویستییە مرۆیی و تەندروستییەکان دەکاتەوە.
دووشەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2024، تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانی خۆیی لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکانی کەرتی غەززە دەربڕیوە و نووسیویەتی "دەبێت ئیسرائیل بوەستێت و چیتر هێرش نەکاتە سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان."
ئەدهانۆم، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، لە فەلەستین نەخۆشخانەکان و سیستەمی تەندروستیی لە ژێر هەڕەشەیەکی جیددیی دان، داواش دەکات، پێداویستییە تەندروستی و هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ خەڵکی غەززە دابین بکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکە دوو جارە هێرش بکاتە سەر هەر یەک لە نەخۆشخانەکانی وەفا و کەمال عەدوان، لە کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا حەوت کەسیان کوشتووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نەخۆشخانەی کەمال عەدوانی لە باکووری غەززە سووتاند و زیاتر لە 50 کەسی تێدا کوشت و ستافی تەندروستی نەخۆشخانەکەشی ڕووت کردەوە، دواتر باڵەخانەی نەخۆشخانەکەشی ئاگر تێبەردا و بە تەواوەتی لە خزمەتگوزاری تەندروستی خست.