بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاوڵاتییان دەکات لە شەوی سەری ساڵ دا، لە بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لەو شوێنانەی مەترسی کارەساتی لێ دەکرێت، دوور بکەونەوە.

یەکشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2024، سەرکەوت کاڕەش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: "داوا لەهاووڵاتییان دەکەین، پابەندی ڕێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی شەوی سەری ساڵ لە هەر حاڵەت و ڕووداوێکی نەخوازراو پارێزراو بن."

گوتیشی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیدان و کۆنترۆڵی تەواوی بارودۆخە دەکەین."

سەرکەوت کاڕەش، ڕاشیگەیاند "لە 24ـی ئەم مانگەوە ڕێنماییەکیان گشتاندووە و ئاراستەی هەر نۆ بەڕێوەبەراتییەکانی بەرگریی شارستانییان کردووە.

وەک سەرکەوت کاڕەش باسی کرد لە شەوی کریسمس تاوەکوو 3ی کانوونی دووەمی 2025، تیمە گەڕۆکەکان و کارمەندانی بەرگریی شارستانی ئێشکگر دەبن و بۆ ئەوەی فریای هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و لە ناکاو بکەون."

ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتییان:

1-نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵان یاریی ئاگرین بەکار بهێنن .

2-لەناو ئۆتۆمۆبیل و لەکاتی لێخوڕیندا بەکارهێنانی یاری ئاگرین مەترسیدارە.

3-نابێت لە نزیک باڵەخانە و دار و هەر ماددەیەکی خێرا گڕگڕتوو بەکاربهێنرێت چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.

4- بەهیچ شێوەیەک لە شوێنی داخراو بەکار ناهێنرێت.

5- نابێت لە ژێر تەلەکانی کارەبا بەکار بهێنرێت و مەترسیدارە .

6- لە نزیک تانکی نەوت و بەنزینخانەکان بەکارهێنانی کارەساتی لێ دەکەوێتەوە .

7-لە نزیک مۆلیدەکان بەکارهێنانی مەترسیدارە بەهۆی بوونی تانکی گاز و تەلی کارەبا.

8- ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە، تکایە دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی بە پێچەوانەوە  هاوشێوەی هۆڵەکەی پارێزگای موسڵ، کارەسات ڕوو دەدات.