وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سووریا جه‌خت له ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌نه‌وه

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هاوتا سوورییه‌كه‌ی جه‌خت له پێویستی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌نه‌وه؛ هاوكات باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی نێرده‌ی دیپلۆماسیی عێراق ده‌كه‌نه‌وه بۆ دیمه‌شق.
دووشه‌ممه، 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری حكوومه‌تی كاتی سووریا، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات و ئاسایش و سه‌قامگیریی و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كردووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، فوئاد حوسێن به هاوتا سوورییه‌كه‌ی گوتووه، عێراق پێداگره له‌سه‌ر دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی نێرده دیپلۆماسییه‌كه‌ی بۆ دیمه‌شق بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌ركه‌كانیان له‌و وڵاته به‌رده‌وام بن.
فوئاد حوسێن باسی له سه‌ردانی حه‌مید شاتری، سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی عێراقی بۆ سووریا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی ئه‌و وڵاته كردووه و كۆبوونه‌وه‌كانی به به‌رهه‌مدار ناو بردووه.
له لای خۆیه‌وه ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، سووریای نوێی گرنگی به نێرده‌ی دیپلۆماسیی عێراق ده‌دات و گوتوویه‌تی، ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ئاسایش و سه‌قامگیریی سووریا.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی جموجووڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی چه‌كدارانی داعش له سنووره‌كانی هه‌ردوو وڵات كردووه و به پێویستیان زانیوه سنووره‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هه‌ڕه‌شانه توندتر بكه‌ن.