تاڵیبان، سەرجەم ئەو ڕێکخراوە ناحکوومەتییە نیشتمانی و بیانییە دادەخەن کە ئافرەتان دادەمەزرێنن

بزووتنەوەی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو ڕێکخراوە ناحکوومەتییە نیشتمانی و بیانییە دادەخەن کە ئافرەتان دادەمەزرێنن.
بزووتنەوەکە داوای لە ڕێکخراوە ناحکومەتییەکان کردووە دامەزراندنی ئافرەتانی ئەفغانی ڕابگرن، گوایە بەهۆی ئەوەی حیجابی ئیسلامییان بە شێوەیەکی دروست نەپۆشیوە.
وەزارەتی ئابووریی حکوومەتی ئەفغانستان لە نووسراوێکدا، ڕۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڵاوی کردووەتەوە، هۆشداریی داوە لەوەی پابەندنەبوون بە دوایین فەرمان دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەربگیرێتەوە.
بەڵام فلۆرێنسیا سۆتۆ نینۆ مارتینێز، یاریدەدەری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان هەموو شتێک بۆ ئافرەتان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسک بووەتەوە، هەروەها داوای لە تاڵیبان کرد ئەو سنووردارکردنانە هەڵبوەشێنێتەوە."
هەروها گوتیشی: "ئەمە بەڕاستی کاریگەریی لەسەر چۆنییەتی پێشکەشکردنی هاوکاریی فریاکەوتنی مرۆیی بۆ هەموو خەڵکی ئەفغانستان هەیە، ئێمەش زۆر نیگەرانین لە کاتێکدا باس لە وڵاتێک دەکەین کە نیوەی دانیشتووانەکەی، نەک تەنها ئافرەتان، لە ماف و ژیانی خۆیان بێبەشن؛ زۆرێکیان لەبەر هەژاری ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی بوونەتەوە."