بەریتانیا..لە 2024 دا 80 ئافرەت کوژراون

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کوژرانی ئافرەتانی بەریتانی بڵاو کردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، لە ساڵی 2024دا، 80 ئافرەت لە بەریتانیا لە لایەن پیاوانەوە کوژراون. واتە هەر چوار ڕۆژ جارێک، ئافرەتێک کوژراوە. سەرباری ئەوەش، زۆرینەی دانیشتوانی بەریتانیا ئاگەداری ئەو تاوانانە نین و نازانن قوربانییەکان کێن و بۆچی و لە لایەن چ کەسانێکەوە کوژراون.
گاردیان دەنووسێت "هیچ کام لەو تاوانی کوشتنانە پەیوەندییان بە ناکۆکیی نێوان ئافرەت و پیاو، یان سکاڵای پێشتر تومارکراوەوە نییە. بە واتایەکی تر، نازانرێت هاندەری کوشتنی ئەو ئافرەتانە چییە؟"
گاردیان، لە ڕاپۆرتەکەیدا ناوی هەر 80 ئافرەتە کوژراوەکە و کورتەیەکی ژیان و کات و شوێنی کوژرانەکەیانی بڵاو کردووەتەوە؛ وەک نموونە، فێنیکس سپنسەر هۆرن، تەمەن 21 ساڵ، پاش نیوەڕۆی 18 تشرینی دووەمی 2024 بە کوژراوی لە ماڵێک، لە ئیست کیلبرایدا لە سکوتلەندا دۆزرایەوە. ئەوەش دوای ئەوەی نەچووبووە سەر کارەکەی، لە لایەن هاوکارەکانییەوە پۆلیسیان ئاگەدار کردبووەوە.
ئەو قاوەخانەیەی فێنیکس کاری تێدا دەکرد، لە لایەن خەڵک و هاوڕێکانییەوە بە گوڵ داپۆشرا، هاوڕێ و کەسوکارەکەی 6000 پاوەندی ئەسترلینییان کۆکردەوە و پێشکەش بە ڕێکخراوی خێرخوازیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی کۆمەڵگەیان کرد.
دواتر، دەرکەوت فێنیکس لە لایەن ئیوان میسفن، تەمەن 26 ساڵ، دانیشتووی ئیست کیلبراید کوژراوە.
گاردیان، بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و بە گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی لە قەڵەم دەدات