هێزی ئاسمانی فەرەنسا لە ناوەڕاستی سووریا حەشارگەی داعشی بۆمباران کرد

هێزی ئاسمانی سوپای فەرەنسا بنکە و حەشارگەکانی چەکدارانی داعش لە سووریا بۆمباران کرد، ئەمەش یەکەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسایە لە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە.
سیباستیان لیکۆرنۆ، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە دوای بەسەرکردنی سەربازانی فەرەنسی نێو هێزەکانی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی لە قوڵایی خاکی سووریا حەشارگەی چەکدارانی داعشیان بۆمباران کردووە.
لیکۆرنۆ نووسیویەتی: چالاکیی هێزەکانی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا بەردەوام دەبێت، هەر لەم چوارچێوەیەشدا هێزی ئاسمانی فەرەنسا لە ڕۆژی یەکشەممە 29ی ئەم مانگە، لە سووریا حەشارگەکانی داعشیان بۆمباران کردووە.
Nos armées restent engagées dans la lutte contre le terrorisme au Levant.
— Sébastien Lecornu (@SebLecornu) December 31, 2024
Elles contribuent à la coalition internationale "Operation Inherent Resolve" (OIR), depuis 2014 en Irak et 2015 en Syrie.
Dimanche, des moyens aériens français ont procédé à des frappes ciblées contre des… pic.twitter.com/uwzOmcJDce
هەر لەمبارەوە ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕافال لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی سووریا دوو مۆڵگە و حەشارگەی چەکدارانی داعشیان بە حەوت بۆمب کردووەتە ئامانج.
هێزەکانی فەرەنسا لە ساڵی 2014ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستی بە چالاکییە سەربازییەکانی کرد و ساڵی 2015ش لە سووریا بەشداری لە هێرشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرکرد.