هەرێمی کوردستان چووە نێو ساڵی نوێ

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دوای چەند کاتژمێرێک لە چاوەڕوانی چوونە نێو ساڵی نوێی 2025 و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، بە خۆشی دەربڕین و تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان پێشوازیان لە ساڵی نوێ کرد.

لە سەنتەری شاری هەولێر ئاپۆرایەکی جەماوەری لە  پارکی شار و بەردەم قەڵا بە ئاهەنگێڕان و خۆشی دەربڕین پێشوازیان لە ساڵی نوێ کرد، کە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بەشداری خۆشی دەربڕینەوەکە بوون.هەروەها لە شەقامی سالمی سلێمانی هاووڵاتییان بەخۆشی دەربڕینەوە دوا ساتەکانی ساڵی 2024 یان بەڕێ کرد پێشوازیان لە سەری ساڵی نوێی 2025 کرد، هاوکات لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان ئاهەنگ و خۆشی دەربڕینی فراوانی جەماوەری هەبوو، بە تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بە ئاهەنگێڕانێکی گەورە لە کۆرنیش و پردی دەلال، هاووڵاتییان پێشوازیان لە ساڵی نوێی زاینی کرد.

پەیامی سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی 2025 پەیامێکی بڵاو کردەوە و وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان کرد و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك خواست.

سەرۆک بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا جەختی لە هەرچی زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کردەوە و ئاماژەیداوە، "بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات."

لە بارەی پرسەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی، سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە "پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن."

پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێوه‌، پیرۆزباییه‌كی ئاراسته‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانی و گه‌لانى عێراق و جيهان کرد و خوازیاره‌ ساڵی نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت.

هەرەوها داوا لە هەموو لايه‌نه‌ سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکات، هه‌مووان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان و بە گیانی بەرپرسیاريه‌تيی نیشتمانيی هاوبه‌شەوە، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن. 

دەشڵێت "له‌م دۆخ و قۆناغه‌دا، پێكه‌وه‌يى و کاری هاوبەش تەنیا ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان، بۆيه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى په‌له‌كردن له‌ دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌مه‌وه‌".

پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکات و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازێت.

هەر لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ" بە داخەوە، بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد".

هەروەها ڕایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکرێت.  

هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ: ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات".

نیوزلەند یەکەم وڵات بوو لە ئاستی جیهان دا کە کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی سێشەممە بە ئاهەنگێڕان پێشوازیان لە ساڵی نوێی 2025 و ماڵئاواییان لە ساڵی 2024 کرد

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment