ئەمەریکا پشتیوانییەکانی بۆ خەڵکی سووریا دووپات دەکاتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق بەبۆنەی ساڵی نوێوە لە پەیامێکدا هەڵوێستی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ خەڵکی سووریا و بنیادنانەوەی وڵاتەکە دووپات دەکاتەوە.

دانیێل ڕۆبنستین، باڵیۆزی ئەمەریکا لە دیمەشق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردووەتەوە و نووسیویەتی"دوای تێپەڕبوونی پێنج دەیە لە بەڕێکردنی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد، ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بنیاتنانەوەی سووریا بۆ خەڵکی سووریا ڕەخساوە و ئەمەریکاش پابەندی هاوکاریی سوورییەکانە."

ڕۆبنستن لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە "وڵاتەکەی پشتیوانییەکی تەواو لە ڕۆڵی ئافرەتانی سووریا دەکات بۆ ئەوەی بەشدارییەکانی چالاک و کارایان لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیاندا هەبێت."

هەرچەندە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق تاوەکوو ئێستا بە داخراوی ماوەتەوە، بەڵام باڵیۆزخانەی چیک لە سووریا، بووەتە بریکار و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە دیمەشق.