سعوودییە شەش هاووڵاتیی ئێرانی لەسێدارە دا

دەسەڵاتدارانی سعوودییە ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، لە سێدارەدانی شەش ئێرانییان بە تۆمەتی قاچاخچییەتی بە ماددەی هۆشبەر، ڕاگەیاند.
میدیای فەرمی سعوودییە بڵاوی کردووەتەوە، ساڵی 2024 لەو شانشینە 338 کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە لەندەنە، ساڵانی 2022 و 2023 سعوودیە لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا بووە کە زۆرترین فەرمانی لە سێدارەدانی تێدا جێبەجێ کراوە، پاش چین و ئێران.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە (واس) لە زاری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردووەتەوە "ئەو شەش ئێرانییە، ماددەی هۆشبەری جۆری حەشیشەیان بە قاچاخ هێناوەتە سعوودییە."
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاند "فەرمانی لەسێدارەدانەکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات جێبەجێ کراوە،" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ڕۆژ و کاتی جێبەجێکردنەکە بکات.
ساڵی 2024، سعوودیە 117 کەسی بە تۆمەتی قاچاخچییەتی بە ماددەی هۆشبەر لەسێدارە داوە، کە 85 کەسیان بیانی بوون.
لە کۆتایی ساڵی 2022 دا جێبەجێکردنی فەرمانی لەسێدارەدانی تاوانباران بە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستی پێ کردەوە و لە ماوەی مانگێکدا 19 کەس لە سێدارە دران؛ پاش ئەوەی فەرمانەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیرابوو. ساڵی 2023 سعوودییە تەنیا سێ کەسی بە هەمان تاوان لە سێدارە دا.
لە ئاداری 2023 دا، ئێران و سعوودییە بە نێوەندگیریی چین، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.