ساڵی ڕابردوو نزیکەی 37 هەزار کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا
چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە ڕێژەی %25 زیادی کردووە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاندووە، لەگەڵ توندکردنی ڕێکارەکانن، کەچی چوونی کۆچبەران بە ڕێژەی %25 زیادی کردووە.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی کانوونی دووەم 2025، بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی 2024دا 36 هەزار و 816 کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، کە زۆربەیان لە ڕێگەی قاچاخ و بە بەلەم لە کەناڵی ئینگلیز پەڕیونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە "بەراورد بە ساڵی 2023 ڕێژەی چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا %25 زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە 2023 دا 29 هەزار و 437 کۆچبەر گەیشتبوونە بەریتانیا، ساڵی 2022شدا 45 هەزار و 774 کۆچبەر پەڕیونەتەوە ئەو وڵاتە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شەپۆلی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە هەڵکشاندایە."
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ڕابردوودا، 76 کۆچبەر لە 20 ڕوودوای نقومبوونی بەلەمدا خنکاون.
پرسی کۆچبەران لە بەریتانیا، بووەتە مۆتەکەی حکوومەتی وڵاتەکە و بەرپرسیارەتی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەرتیانیا قورستر کردووە، بەوپێیەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی کردبووە دروشمی زەقی بانگەشە.
هەروەها، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پلانی پارتی پارێزگارانی بۆ ناردنی پەنابەران بۆ ڕوواندا هەڵوەشاندەوە، لە بری ئەوە لەگەڵ چەند وڵاتێک ڕێککەوتنیان کرد بۆ ئەوەی باندە قاچاخچییەکان دەستگیر بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی فەرەنسا ڕایانگەیاندوە، نریکەی 5 هەزار و 800 کۆچبەر لە دەریا ڕزگارکراون و 870 کۆچبەری دیکەش دەستگیر کراون.