برۆکسل شەوی سەری ساڵی نوێی بە ئاژاوە و ئاگر بەسەر برد

لە گەڕەکێکی برۆکسلی بەلجیکا بەهۆی ئاژاوەگیڕییەوە، گڕ لە دەیان ئۆتۆمبێل و دوکان و شوێنی گشتیی بەردرا و زیاتر لە 150 کەسیش دەستگیر کران.
ڕۆژنامەی "دی مۆرغنی" بەلجیکی، چوارشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئاژاوە و سووتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵکی گشتیی شەوی ڕابردووی لە گەڕەکی ئەندەرلیختی برۆکسل، بڵاو کردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو گەڕەکە گەورەیەی برۆکسل شەوێکی پڕ لە ئاژاوەی بەسەربردووە، تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سەرقاڵی دامرکاندنەوەی ئاژاوە و کوژاندنەوەی ئۆتۆمبیل و دوکان و موڵکی گشتیی ئاگرتێبەردراو بوون.
هەروا ئاماژەی داوە، 159 کەس لەلایەن پۆلیسی برۆکسلەوە بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەستگیر کراون.

والتەر درنیو، لە بەرگریی شارستانیی برۆکسل گوتوویەتی: " شەوێکی یەکجار سەخت بوو، بەگشتی زیاتر لە 558 جار داوای هاوکاریی لە تیمەکانی فریاگوزاری کراوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە 158 جار بۆ کوژاندنەوەی ئاگری بە ئەنقەست دەست بەکار بوون. جگە لەوانەش، 430 جار داوای ئۆتۆمبیلی فریاگوزاریی تەندروستی (ئەمبولانس) کراوە."
هەر بە گوتەی والتەر: " 60 تا 70 ئۆتۆمبیل سووتێنراون، جگە لە سەدان کۆنتێنەری گەورەی زبڵ و خاشاک و نەمامی قەراغ شەقامەکان کە لە لایەن ئاژاوەگێڕانەوە سووتێندراون، جگە لەمانەش بە دار و بەرد پەلامار تیمەکانی بەرگریی شارستانی دراوە."
لەلایەن خۆیەوە پۆلیسی برۆکسل ڕایگەیاندوە "ئاژاوەکە لە کاتژمێر 6ی ئێوارەی سێشەممەوە تا شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوارشەممە، بەردەوام بووە، چەندان ئۆتۆمبیلی پۆلیس زیانیان پێکەوتووە و لەو ماوەیەشدا 159 کەسیان لە ئاژاوەگێڕان، دەستگیر کردووە."
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی برۆکسل، چوار کەس لە تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیسێک بە سووکی بریندار بوونە.
گەڕەکی ئەندەرلیخت دەکەوێتە باکووری برۆکسل و زۆرینەی دانیشتووانەکەی تورک و مەغریبین.