ئێران بەر لە دەستبەکاربوونی ترەمپ لەگەڵ سێ وڵاتی زلهێزی ئەورووپا کۆ دەبێتەوە

بڕیارە بەر لە دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، شاندێکی ئێران بەمەبەستی لێکگەیشتنی زیاتر سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، سەردانی سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا بکات.
چوارشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوی ئێران، ڕایگەیاند: "ئێران، 13 ئەم مانگە لە جنێف لە سویسرا، سەبارەت بەدۆسییەی ئەتۆمی، دەست بە دانووستاندن لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات."
سەردانەکەی شاندی ئێران بۆ ئەو سێ وڵاتە لە کاتێکدایە، کە پێشتر ئێرانیان بە زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم تۆمەتبار کردبوو. هاوکات، سەپاندنی سزای زیاتر بۆ سەر ئەو وڵاتە بە پێویست دەزانن، هەرچەندە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
نیگەرانییەکانی ئێران لەوەدایە، کە ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەست بەکار بێت و دۆخەکە خراپتر بێت، چونکە لە ساڵی 2018 ئیدارەی ئەوکاتی ترەمپ، تاکلایەنە بڕیاری دەرچوونی لە ڕێککەوتنی 5+1 دا و شەش سزای قورسی بە سەر تاراندا سەپاند.