دانیشتوانی دیوانییە بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گرفتارن

دانیشتووانی شارۆچکەی شامییە لە پارێزگای دیوانییە کێشەی تەواونەکردنی پرۆژەکانیان هەیە، دانیشتووانی شامییە دەڵێن: هەر کۆمپانیایەک کە دێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کار دەکات و شەقامەکە تێک دەدات و ئیتر وازی لێ دێنێت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییەش دەڵێت؛ هەر کۆمپانیایەک کارەکانی تەواو نەکات دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەردوو گەڕەکی مامۆستایان و ئازادی لە شارۆچکەی شامییەی دیوانییە بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و تەواونەکردنی پرۆژەکانیانەوە گرفتارن.

خراپیی خزمەتگوزارییەکان وایان لە دانیشتووانی شارۆچکەی شامییە کردووە، گلەیی لە دۆخی خۆیان بکەن و داوای دەستوەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن.

هاووڵاتییەکی ئەو شارۆچکەیە بە کوردستان24 دەڵێت: "زۆرینەی پرۆژەکان بە تەواو نەکراوی بەجێ هێڵراون، کرێکارەکان نایەنە سەرکار و بەڵێندەرەکانیش کارەکانیان ناکەن، تەنانەت بەشێکیان کەرەستەکانیان لەسەر شەقامەکان بەجهێشتووە و ئاو و کارەبای خەڵکیان بڕیوە.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: "بەڵێنیان پێ داین کە ناوچەکەمان دەکەنە بەهەشت و هەموو خزموتگوزارییەکی بۆ دابین دەکەن، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لە کارکردن ڕۆیشتن و بەم شێوەیە بەجێیان هێڵاوە."

لای خۆیەوە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە دەڵێت: "پرۆژە تەواو نەکراوەکان و  ئەو کۆمپانیایانەی کارەکانیان تەواو ناکەن دەخرێنە لیستی ڕەشەوە."

جەعفەر موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەزانین چەند پرۆژەیەکی شارۆچکەی شامییە تەواو نەکراون لەوانەش گەڕەکەکانی، مامۆستایان، عەسکەری و ئازادی، ماوەی دوو مانگیشە کەرەستەکانیان لەسەر شەقامەکان بەجێ هێشتووە، ئێمەش لە چوارچێوەی ڕۆڵی چاودێریمان، کۆمپانیای جێبەجێکارمان خستووەتە لیستی ئەو کۆمپانیایانەی کارەکانیان خراپە و دواتریش دەیانخەینە لیستی ڕەشەوە."

نەک تەنها ئەم دوو گەڕەکە، بەڵکو سەرجەم دانیشتووانی شارۆچکەی شامییە دادوبێدادیانە لە دەستی تەواو نەکردنی پرۆژەکان و بەجێ هێشتنیان، بەڵام ئەو گەڕەکانەی زۆرترین کاریگەریان لەسەرە بریتین لە گەڕەکانی مامۆستایان، عەسکەر و سەرای.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment