عێراق.. بەوردی چاودێری دۆخی شەش زیندانی سووریا دەکات

عێراق بەوردی چاودێریی دۆخی شەش زیندانی سووریا دەکات کە هەزاران چەکدار داعشیان تێدایە.

مستەفا عەجیل، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بەوردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن، بەتایبەتی شەش زیندان کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دان و هەزاران چەکداری داعش تیایاندا دەست بەسەرن."

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە؛ لەسەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بابەتی زیندانەکانی سووریای و دەستگیرکراونی داعشی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا باس کردووە، هەروەها داوای لە لایەنی سووری کردووە ئاسایشی زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بپارێزن.

نزیکەی 10000 بیانی چوونەتە ناو ڕیزەکانی داعش، لەوانە 4000یان گەنجی تازە پێگەیشتوون. نزیکەی 6000 کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات و لە کەمپی هۆڵن، هەروەها نزیکەی 3000 ئافرەتی بیانی و نزیکەی 7000 منداڵی بیانیشی تێدا دەست بەسەرن.

 بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشق و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد، ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە هێنا.