دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تونس نقووم بوون
دەیان کۆچبەر ڕزگارکراون و ژمارەیەکیش خنکاون

لە کەناراوەکانی هەردوو ناوچەی ئەرخەبیل و قەرقەنەی تونس دوو بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی نقوومی دەریا بووە و بەهۆیەوە 27 کەس خنکاون و 83 کەسیش لە خنکان ڕزگار کراون.
زیاد سەدیری، بەڕێوەیەبەری ناوەندی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە سەفقاسی تونس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2025، بەهۆی نقووم بوونی دوو بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی تونس کە بەنیازبوون بپەڕنەوە وڵاتانی ئەورووپا، 27 کۆچبەر خنکاون و لە نێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن، کە خەڵکی وڵاتانی باشووری ئەفریقان.
هەروەها سەرچاوەیەک لە هێزی پاسەوانی نیشتمانی تونس، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، نزیکەی 110 کۆچبەری خەڵکی وڵاتانی باشووری ئەفریقا شەوی 31ی کانوونی یەکەمی 2024، بە دوو بەلەم لە کەناراوەکانی سەفقاس بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتوون.
ڕاشیگەیاندووە، هەڵمەتی گەڕان بەدوای کۆچبەرە ون بووەکان لە کەناراوەکانی تونس بەردەوامە و لە 83 کۆچبەرەشی لە خنکان ڕزگارکراون، 15 کەسیان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستیانەوە، گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی تونس، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (2024)دا، لە کەناراوەکانی تونس نزیکەی 700 حاڵەتی خنکانی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەراوەکانی وڵاتەکە تۆمارکراوە، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2023، حاڵەتەکە بە ڕێژەی 53% کەمی کردووە، کە بە پێی تۆمارەکان ژمارەی خنکان و مردنی کۆچبەران لەو ساڵەدا هەزار و 300 کەس بووە.