کۆبوونەوەی باخچەلی و شاندی دەم پارتی کۆتایی هات
ئەحمەد تورک تەسبیحێکی گرانبەهای بە دیاری پێشکەشی دەوڵەت باخچەلی کرد

کۆبوونەوەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لەگەڵ شاندی دەم پارتی لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کۆتایی هات و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد تورک ئەندامی شاندی دەم پارتی تەسبیحێکی گرانبەهای بە دیاری پێشکەشی دەوڵەت باخچەلی کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆبوونەوەکە 45 خولەکی خایاندووە و دوور لە میدیاکان بە داخراوی کۆبوونەوەکە کراوە و تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە لەلایەن هیچ یەکێک لەو دوو پارتە نەدرکێنراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، کەمێکی دیکە سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندەکەی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە بارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ نوعمان كورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، هەمان شاند لە ئەنقەرە سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـیان کرد.
شاندەکەی دەم پارتی لە سوورهیا ئۆندهر، جێگری سهرۆكی پهرلهمانی تورکیا؛ پهروین بوڵدان، پهرلهمانتاری دهم پارتی له پهرلهمانی توركیا و ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان پێکهات بوون.
بڕیارە دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و چەند پارتێکی دیکەی سیاسیی تورکیا کۆبنەوە و دواتر وردەکاری ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن.