پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو پەکەکە چەک دابنێت

حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و سەرۆکی لیژنەی میدیای دیجیتاڵی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ: پیشبینی دەکەم لە مانگی داهاتوو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێت و کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکانی بهێنێت.

یایمان سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ لای دەوڵەت باخچەلی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە تورکیا ناو دەبات و دەڵێ: ئەمە هەنگاو و قۆناغێکە کە دەمێکە گەلی تورکیا چاوەڕێی دەکرد، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە دەم پارتی وەڵامی بانگەوازەکە بداتەوە و ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت، ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویەی کەوتووەتە ئەستۆی، جێبەجێ بکات.

پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی دەشڵێت: بانگەوازەکەی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی پەیامێکی گرنگ بوو بۆ ئاشتی و بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوە، هەربۆیە  دەبێت پەکەکەش بەدەم بانگەوازەکەوە بێت و کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکانی بهێنێت و چەکەکانیان ڕادەست بکەن. 

هەروەها ئاماژەیداوە، پێشبینی دەکەم ئەگەر هەنگاوەکان بەم شێوەیەی ئێستا بەرەو پێش بچن ، ئەوا لە مانگی داهاتوودا گۆڕانکاری و پێشهاتی گرنگ ببینین و لە مانگی شوباتدا، پەکەکە چەک دابنێت و لە تورکیا کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکانی بهێنێت، لە سووریاش چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی کاتی دیمەشق بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ نوعمان كورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دواتر لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)کۆبوونەوە. 

شاندەکەی دەم پارتی لە سووره‌یا ئۆنده‌ر، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی تورکیا؛ په‌روین بوڵدان، په‌رله‌مانتاری ده‌م پارتی له‌ په‌رله‌مانی توركیا و ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان پێکهات بوون، کە پێشتر لە ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، هەر ئەم شاندە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێ کردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."

هەروەها بڕیارە دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و چەند پارتێکی دیکەی سیاسیی تورکیا کۆبنەوە و دواتر وردەکاری ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن.