وەزارەتی بەرگریی تورکیا: لە هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکانی سووریا بەدەوام دەبین

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەخت دەکاتەوە، کە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا بەردەوام دەبن.

پێنجشەممە، 2ی کانوونی دووەمی 2025، ئادەم زەکی ئاکتورک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: بەردەوام دەبین لە لەناوبردنی هێزە کوردییەکانی سووریا، وەکوو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە لە سووریا باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن، ئەمەش لە پێناو نەهێشتنی هەڕەشەکان و سەقامگیری زیاتری سنوورەکانی تورکیایە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتە نوێیەکانی ئەو وڵاتە دەکەین".

ڕۆژی دووشه‌ممه‌، 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، لە دیمەشق، ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی دەستەی تەحریر شام و سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا له‌گه‌ڵ شاندێكی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كۆ بووه‌وه‌، ئەمەش بە یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان دادەنرێت.

بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک، لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ دیالۆگی داهاتووی سووریا کراوە و لەیەک گەیشتنی باش هەبووە.

پێشتریش، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاندبوو، هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە هێزی وەزارەتی بەرگری سووریا. 

 
Fly Erbil Advertisment