زانكۆی سەڵاحەدین زانیاری لەبارەی راپۆرتی قوتابیان دەخاتەڕوو
قوتابیان لە بری تاقیكردنەوە راپۆرت دەكەن
K24 - ھەولێر
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە وەكالەت، وردەكاری لەبارەی ھەژماركردنی نمرەی ساڵ و ئامادەكرنی راپۆرت لەلایەن قوتابیانەوە دەخاتەڕوو، كە نمرەی ساڵ لە بری تاقیكردنەوە لەسەر راپۆرتەكە ھەژمار دەكرێت.
لە میانی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژباش د. جەوھەر فەتاح، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە وەكالەت بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕیاردراوە نمرە لەسەر راپۆرتی قوتابیانی زانكۆ ھەژمار بكرێت، ئەگەر ھەر قوتابیەك تاقیكردنەوەی كردبێت لەگەڵ راپۆرتەكەی دابەش دوو دەكرێت و نمرەی كۆتایی بۆ ھەژمار دەكرێت، ھەروەھا ئەگەر قوتابیەكیش لە كۆرسی یەكەم تاقیكردنەوەی نەكردبێت دەتوانێت راپۆرت بنوسیت و بە نمرەی ساڵ بۆ ھەژمار دەكرێت".
جەختیكردەوە: "كاتێك كە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاردرا كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاقیكردنەوە لە ھۆڵەكان ناكرێت، بڕیاری ئەوەماندا كە لە بری تاقیكردنەوە نمرە لەسەر راپۆرتی قوتابیان دابندرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بە فیڕۆ نەچێت".
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە وەكالەت ئاماژەی بەوەشدا: "راپۆرتەكە لەلایەن مامۆستای بابەت بۆ قوتابی دیار دەكرێت، بۆ ھەر قوتابیەكیش بە تەنیا راپۆرت دەكات".
لەبارەی ئاھەنگ و وێنەی دەرچوونی قوتابیان د. جەوھەر فەتاح، گوتی: "ئاھەنگ ناكرێت، بەڵام پێشنیازمان كردووە، ھەر قوتابیەك بە تەنیا وێنە بگرێت، ئەگەر دۆخەكەش بەرەوباشبوون چوو، ئەوكات دەتوانین ئاھەنگیان بۆ رێكبخەین".