سبەینێ گەڕێکی دیکەی دانوستانی ئیسرائیل و حەماس لە دۆحە بەڕێوەدەچێت

شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل ڕێککەوتنی بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان، دەچێتەوە قەتەر.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، سبەی هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل سەردانی دۆحە دەکات و بۆ ئەوەی بەشداری لە گەڕێکی دیکە گفتوگۆکانی ئاگربەستی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بکەن، کە ژمارەیان هێشتا لە دەستی چەکدارانی حەماس دا ماون.
شاندەکەی نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری مۆساد، شاباك و سوپای ئیسرائیل پێکهاتووە.
هەروەها پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل ئامانجێتی بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا سوێندی یاسایی بخوات، ئەوان لەگەڵ حەماس بە نێوەندگیری قەتەر بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن.
هەر لەمبارەوە، محەممەد هندی، جێگری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین (حەماس) ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لایەنی ئیسرائیلی لە کاتی دانوستانەکاندا دروستی دەکەن، بەڵام لایەنە فەلەستینییەکان لە بارەی ئاڵوگۆڕی بەشێک لە زیندانییەکان نزیکن لەگەڵ ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن.
هەروەها حکوومەتی ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە بەشێک لەو ناوانەی حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیری دانوستانەکان پێشکەشی کردووە، ئازادیان بکات.
لەو ڕیککەوتنەی بڕیارە بکرێت، حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی چەند بارمتەیەک داوای ئازادکردنی 200 دیلی فەڵەستینی کردووە کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دان.