وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتنە دیمەشق

وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (ئەی ئێف پی) ڕایگەیاند، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەگەڵ ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتنە دیمەشق.
هەردوو وەزیر لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا، بۆ تاوتوێ کردنی بارودۆخی ئێستەی سووریا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کۆ دەبنەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیایە بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
بەرە بەیانی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشق و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی ئەو بنەماڵەیەیان هێنا.