پزیشکیان پێشنیازی گۆڕینی پایتەختی ئێران دەکات

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشنیازی کردووە بەهۆی ناهاوسەنگیی نێوان سەرچاوەکان و تێچووەکانی گەورەشاری تاران و کێشەی کەمئاوییش کە بەردەوام زیاد دەکات، پایتەختی وڵاتەکەی بگوازرێتەوە بۆ شارێکی کەنار دەریا و جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو گۆڕانکارییە ئاسانکاری بۆ چارەسەری کێشە نیشتمانییەکانیش دەکات.

لە باکووری ئێران پارێزگاکانی گوڵستان، گیلان و مازندەران لە دەریای خەزەر نزیکن و لە باشووری وڵاتەکەش پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، بووشەهر، هۆرمزگان و خووزستان سنووریان لە کەنداو و دەریای عومان دەگەڕێتەوە. 

پزیشکیان لە 22ی ئابی 2024یشدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر بیانەوێت وڵاتەکەیان لە ناوچەکەدا یەکەم بێت، نابێ لە ڕکەبەرە ناوچەییەکانیان بمێننەوە و بۆ ئەوەش چاریان نییە بێجگە لەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەیان بگوازنەوە بۆ شارێکی نزیک دەریا لە باشووری وڵات.

ڕاگەیاندنەکانی ئێران زیاتر ئاماژە بە پارێزگای هۆرمزگان، بەتایبەت شاری بەندەرعەباس دەکەن کە دڵی ئابووریی ئێرانە لە کەنارەکانی کەنداو. بەشێک لە شارەزایانیش دەڵێن: شاری گرنگ و نزیک لە ئاوەکانی باشووری ئێران شیرازە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە گواستنەوەی پایتەخت بێجگە لە تێچووە داراییە زۆرەکەی، ئالینگاری سیاسی و کۆمەڵایەتییشی لێ دەکەوێتەوە و نە تەنیا کێشەکانی تاران چارە ناکات، بگرە ئەو کێشانە دەگوازرێنەوە بۆ پایتەختە نوێیەکەش.

بەشێک لە ڕەخنەگرانیش دەڵێن: هەرکاتێک شاری سنووری کرابێتە پایتەختی ئێران لە بەرانبەر هێرشی بێگانەدا نەیتوانیوە خۆڕاگر بێت و بەئاسانی ڕووخاوە. لە سەردەمی ساسانییەکان شاری تیسفوون لە سنووری ڕۆژئاوا بەهۆی نزیکیی لە سنوورەوە بەرگەی هێرشی عەرەبەکانی نەگرت و ڕووخا. هەروەها لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەوی، شاری تەورێز وەکوو پایتەختی سەفەوی بەهۆی نزیکبوونی لە سنووری دەوڵەتی عوسمانییەوە دوای شەڕی چاڵدێران ڕووخا. بۆیە پێیان وایە پایتەختی ئێران دەبێ شارێک بێت لە ناوەندی وڵاتەکە هەڵکەوتبێت.

لە ساڵانی سەرەتای دەیەی 1980 و کۆتاییی دەیەی 1990 و سەرەتای ساڵانی 2000یش بیرۆکەی گۆڕینی پایتەختی ئێران باس کراوە، بەڵام هیچ کاتێک بە ئامانج نەگەیشتووە.