خۆپیشاندانی ئیسرائیلییەکان دەستی پێکردەوە
خۆپیشاندەران داوای ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانی بە بارمتە دەکەن

شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2024، بۆ بەشداربوون لە گەڕێکی دیکەی دانوستانی ئاگربەست چوونە دۆحەی قەتەر و بە گوێرەی زانیارییەکان هەوڵەکان چڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە بارمتەکان بەرانبەر بە ئازادکردنی ژمارەیەک دیلی فەڵەستنی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل، لەگەڵ بەڕێ کەوتنی شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل، سەردان کەس لە خەڵکی ئیسرائیل چەند شارێکی دیکەی ڕژانە شەقامەکان و بە تایبەتیش لە تەلئەڤیڤ، خۆپیشاندەران بە جلوبەرگی سپی چوونە بەردەم باڵەخانەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان و داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد، دەبێت لە پێناو ئازادکردن و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان ڕێککەوتن بکرێت.
خرۆشانی شەقامی شارە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان بوو بۆ دۆحە؛ کە تێیدا هاتووە، شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل بە نێوەندگیری هەر یەک لە میسر و قەتەر بەشداری لە گفتوگۆ و دانوستانێکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس دەکات.
هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی قسەی لەگەڵ باوکی یەكێک لە بارمتەکانی دەستی حەماس کردووە، کە بۆ فشارخستنە سەر حکوومەت لەبەردەم بارەگای سەرەکی ناتانیاهۆ مانی گرتووە و دەڵێ: "داوا لە ناتانیاهۆ دەکەم، ئەمڕۆ کارێکی ڕاست و دروست بکات و ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێندراوەکان بکات تاوەکوو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ئاشکرا بوون، زیاتر لە 10 هەزار و 300 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل هەن، لە بەرانبەردا 100 بارمتە لە کەرتی غەززە لە دەستی چەکدارانی حەماس دان، بەڵام بە گوتەی بزووتنەوەی حەماس دەیان بارمتە بەهۆی هێرش و بۆمبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دوای هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرئیل، شەڕێکی تیر لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕوویدا، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 154 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراو و برینداربوون، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە و وێرانبوونی کەرتی غەززەش بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.