بەهۆی سەرماوە هۆشداری لە پچڕانی کارەبای بەریتانیا دەدرێت

ناوەندی پێشبینی کەشوهەوای بەریتانیا هۆشداری دەداتە خەڵک بەهۆی شەپۆلی سەرما و زریانەوە ئەگەری پچڕانی کارەبا و وەستانی هاتوچۆ دەکرێت، هاوکات بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تەندروستیی نیشتمانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوو، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، پێنج هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
ناوەندەکە ئەمڕۆ هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، هۆشداری لە شەپۆلیكی چاوەڕوان نەکراوی سەرما دەداتە خەڵکی وڵاتەکە و ڕایدەگەینێت، سبەینێ کاتژمێر 6 ئێوارە شەپۆلێکی بەفر و زریان باکوور و ناوەڕاستی بەریتانیا و بەشێکی فراوانی وێڵز دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، شەپۆلەکە تاوەکوو دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی بەهێزی زریانەکەوە پێشبینی پچڕانی کارەبا و ئامێرەکانی پەیوەندی، وەستانی هاتوچۆ دەکرێت.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
ئەو هۆشیارکردنەوەی ناوەندی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بەریتانیا لە کاتێکدایە لە شەوی ڕابردوو 2ی کانوونی دووەم 2025، باکووری بەریتانیا، ساردترین شەوی زستانە بەڕێ کرد، کە پلەی گەرما بۆ 8 پلەی ژێر سفری سیلیزی دابەزی بوو، بە گوتەی جولیان ڕێدهێد، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تەندروستیی نیشتمانی بەریتانیا، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوو ناوچەکەی گرتووەتەوە، پێنج هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.