سوودانی: عێراقمان لە شەڕ دوور خستەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی لێنەگەڕێین عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ و یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی عێراق و یادکردنەوەی شەهید محەممەد باقر حەکیم، لە گوتارێکدا گوتی: "هەندێک لایەن هەوڵیان دا عێراق بخزێننە نێو گۆڕانکارییەکانی سووریا و باسیان لە گۆڕانی سیستەمی سیاسی دەکرد، بەڵام هیچ دەوڵەت و لایەنێک بۆی نییە گۆڕانیی سیاسی و ئەمنی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت."
سوودانی گوتیشی: "لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە قورسی کارمان کرد و هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی شەڕ لە عێراق دوورخەینەوە و وڵات نەبێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوچەکە."
ڕاشیگەیاند "لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پەیوەندییەکانی عێراقمان لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەمای دیپلۆماتی بنیاد ناوە."