پارێزگای هەولێر: پلانەکانی پشووی سەری ساڵی نوێ بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران

شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بەرنامە و ئامادەکاری و پلانەکانی پشووی سەرى ساڵى نوێ بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران.
جێبەجێکردنی پلانەکەش بەم شێوەیەیە:-
گەشت و گوزار
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، لیژنەی تایبەت پێک هێنا، بە مەبەستی چاودێریی و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە گەشتیاران، هەروەها لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، ( 63 هەزار و 411 ) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
هاتووچۆی هەولێر
پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کراون، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین، ( 26 ) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویان داوە، کە بەداخەوە لە ئەنجامدا ( 1 ) کەس گیانی سپاردووە و ( 14 ) کەسى دیکەش بریندار بوونە.
ئاسایشی هەولێر
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدا بوون.
پۆلیسی هەولێر
هەروەها پلانی ئەمنی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر وەک خۆى جێبەجێ کران، کە ( 135 ) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر تۆمار کران، ( 129 ) حاڵەت و تاوان ئاشکرا کراوە و تاوانباران و ئەنجامدەرانی دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لە ( 6 )ڕووداوی تاوانیش دەکرێت.
بەرگری شارستانی
سەرجەم بنکەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ئەرکدا بوون، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، ( 12 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
بەڕێوەبەرایەتىی گشتیى تەندروستى
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرکدا بوونە، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، (16,100) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ( 225 ) نەشتەرگەرى گەورە و (533) نەشتەری بچووک کراون. ( 865 ) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونیان کردووە و (414) منداڵ لەدایک بوونە. ( 1,269 ) نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە و ( 4٫221) هاوڵاتیش سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە.