بەتەمەنترین ئافره‌تی جیهان کۆچی دوایی کرد

تۆمیکۆ ئیتۆکا
تۆمیکۆ ئیتۆکا

بەرپرسێکی شاری ئۆساکا لە ژاپۆن ڕایگەیاند، تۆمیکۆ ئیتۆکا، بەتەمەنترین ئافره‌ت لە جیهاندا کە ناوی لە کتێبی گینس تۆمار کراوە، لە تەنەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 

شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، یوتشیسوگو ناگاتا، بەرپرسی بە ساڵاچووەکان ڕایگەیاند "ئیتۆکا لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە خانەی بەساڵاچووان لە گەڕەکی ئاشیای شاری ئۆساکا کۆچی دوایی کرد.

تۆمیکۆ ئیتۆکا لە 23ـی ئایاری 1908 لەدایک بووە، زۆر ئارەزووی لە خواردنی مۆز و خواردنەوەی ژاپۆنی بووە.

بەگوێرەی کۆمەڵەی توێژینەوە لە پیری، ئیتۆکا دوای مردنی ماریا برانیاس کە لەتەمنی 117 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بووەتە بەتەمەنترین کەس لە جیهاندا. 

کاتێک بە ئیتۆکا گوترا تۆ بەتەمەنترین ئافره‌تی زیندووی لە جیهاندا، بە سادەیی وەڵامی دایەوە و گوتی: سوپاستان دەکەم.

ناگاتا دەڵێت: "ئیتۆکا، لە ئۆساکا لەدایک بووە و لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیدا یاریزانی بالە بووە، هەروەها دوو جار بەسەر چیای ئۆنتاکی کەوتووە کە بەرزییەکەی 3067 مەترە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی گینس، ئیتۆکا لە تەمەنی 20 ساڵیدا شووی کردووە و دوو کچ و دوو کوڕی هەیە.

ئیتۆکا، لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا کارگەی قوماشی هاوسەرەکەی بەڕێوە دەبرد، دوای مردنی هاوسەرەکەی لە ساڵی 1979 بە تەنیا لە نارا ژیاوە.

بەگوێرەی کۆمەڵەی توێژینەوەی پیربوون، بەتەمەنترین ئافره‌تی جیهان ئێستا ڕاهیبێکی بەرازیلیە بەناوی 'ئینا کانابارۆ لوکاس' کە تەمەنی 116 ساڵە و 16 ڕۆژ دوای ئیتۆکا لەدایک بووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment