کریستاڵی ئێرانی جێگەی کەپتاگۆنی سووری لە عێراق گرتووەتەوە

بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆن لە عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا، کریستاڵی ئێرانی ئێستا جێگەی کەپتاگۆنی گرتووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمساڵ ستراتیژی نوێ لە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەگرێتە بەر، دووپاتیش دەکاتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا 14 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کردوون، لەگەڵ ئەوەی دەستییان بەسەر شەش تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە و لەنێویشیان بردووە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، چەندین کارگەی دروستکردنی حەبی کەپتاگۆن لە سووریا ئاشکرا بوون، لەو کارگانە حەبی کەپتاگۆن دروستدەکران و ڕەوانەی وڵاتانی ناوچە دەکران، عێراقیش بەدەرنەبوو لە بازرگانیی و قاچاخچێتی کردن بەو حەبە، بەڵکو لە سنووری پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا دەهێنرایە عێراق، دواتر بۆ شارەکانی دیکە دەگوازرانەوە.
ئێستا چاوەکان لەسەر سنووری عێراق و ئێرانە کە بەڕێژەیەکی بەرچاو ماددەی هۆشبەری کریستاڵ دەهێنرێتە نێو عێراق، لەو بارەیەوە مەحموود دەباغ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ڕەشید بۆ گەشەپێدان ئاشکرای کردووە، بەڵای کەپتاگۆن لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، ئەویش بەهۆی کەمی نرخەکەی بووە و بووەتە گەورەترین مەترسیی لەسەر چینی گەنجان، دەشڵێت:" لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و حەبی کەپتاگۆن کەمی کردووە، بەڵام کریستاڵی ئێرانی ئێستا باڵا دەستە.
سەبارەت بە ستراتیژیەتی نوێی عێراق، حوسێن تەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ڕابردوودا 14 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردوون، هەروەها دەستییان بەسەر شەش تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
بەگوتەی تەمیمی: لە ساڵی نوێ ستراتیژیەتێکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و دەستڕاگەیشتنیان بە تۆڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هۆکاری سەرەکی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەرن بۆ ناو عێراق.