تورکیا.. ساڵی ڕابردوو کوشتنی ئافرەتان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

ساڵ له‌دوای ساڵ،  كوشتنی ئافرەتان له‌ توركیا زیاتر ده‌بێت و ته‌نیا له‌ ساڵی ڕابردوو  394 ئافرەت كوژراون.

پلاتفۆرمی "کوشتنی ئافرەتان ڕادەگرین" ئاماری ساڵی 2024ـی تایبەت بە کوشتنی ئافرەتانی لە تورکیا بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "ســــاڵی ڕابردوو، کوشتنی ئافرەتان لـــەو وڵاتە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە."

بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو 394 ئافرەت لە تورکیا کوژراون، کــــــە کوژرانی 259ـیان گوماناوی بووە.

فیدان ئەتاسەلیم، سکرتێری گشتیی پلاتفۆرمەکە،  بە موراد ئەکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لــە ساڵی 2010ـەوە ئەم ژمارە زۆرە لە تورکیا تۆمار نەکراوە."

باسی لەوەش کرد، هۆی سەرەکیی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئافرەتانی کوژراو، کشانەوەی حکوومەتی تورکیایە لە ڕێککەوتنامەی ئیستانبوڵ، هەروەها جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە 6284.

نارین گوران، ڕۆژین کەبەیش و گوڵستان دۆکو ئەو کچ و ئافرەتە کوردانەن کە تا ئێستا هۆ و چۆنییەتی کوژرانیان بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە. 

گونێش ئاكشاهین، ئه‌ندامی ڕێكخراوی ئافرەتان بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئافرەتانی باکووری کوردستان، چ بە هۆی ناسنامەی خۆیان وەک ئافرەت و هەم بە هۆی کورد بوون، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی فرەلایەنە دەبنەوە."