ئەڵمانیا مافی مانەوە لە ژمارەیەک پەنابەری سووری وەردەگرێتەوە

ژمارەیەک پەنابەر لە ئەڵمانیا
ژمارەیەک پەنابەر لە ئەڵمانیا

ئەڵمانیا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی پەنابەرە سوورییەکان دەکات و لەوانەیە مافی مانەوەیان لێ بسەنێتەوە. 

نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند "ئاژانسی کۆچ و کۆچبەران هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی پەنابەرە سوورییەکان دەکات، ئەگەر سووریا سەقامگیر بێت، ئەوە پەنابەرەکان پێویستییان بە مافی مانەوە لە ئەڵمانیا نامێنێت و ئەو مافەیان لێ وەردەگیرێتەوە."

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئـــاماژەی بەوەش کردووە "هەر پەنابەرێکی سووری مافی مانەوەی لێ سەندرایەوە، مافی خوێندن و کارکردنیشی لێ دەسەنرێتەوە."

فیزەر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە "ئەو پەنابەرە سوورییانەی تاوانیان کردووە، دەستبەجێ ڕەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە."

یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشق و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی ئەو بنەماڵەیەیان هێنا.