لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 100 کەس کوژران

تاوەکوو ئێستا شەڕو پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' بەردەوامە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان هەسەدە لە دەورووبەری مەنبج و بەنداوی تشرین، بەرپەرچی چەند هێرشێکی داوەتەوە. 

لەوبارەوە ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "شەڕەکە لە دەورووبەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبج چڕ بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 101 کەس لە هەردوولا کوژراون."

گوتیشی: 85 کەس لە گرووپە چەکدارەکان کوژراون و 16 کوژراویش سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتن.

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و کۆنترۆڵیان کرد، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سووریا بەرەوە ڕووسیا ڕای کرد. لە دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە حکوومەتی کاتیی سووریا داوای کرد هێزەکانی هەسەدە چەک دابنێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment