باهۆزەکەی ئەمەریکا زیاتر لە سێ هەزار گەشتی هەڵوەشاندووتەوە

ماڵپەڕی چاودێری گەشتە ئاسمانییەکان بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی باهۆزە بەهێزەکەی ئەمەریکا دوو هەزار گەشت دواخراوە و هەزار و 500 گەشتی دیکەش هەڵوەشانراوەتەوە.
ماڵپەڕی (Flight Aware) بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو باهۆزە بەهێزەی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2025 ئەمەریکای گرتووەتەوە، تەنیا لە فڕۆکەخانەی شاری کانزاس 86% گەشتەکانی هەڵوەشاوەتەوە، بەمەش پشکی شێری هەڵوەشانەوەی گەشتەکانی ئەمەریکای بەرکەوتووە.
ناوەندی خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتیمانی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان و داوایان لێ دەکات، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری پێویست، نەبیت دەرنەچن.
پێشتر ماری گیلبەرت، زانای کەشناسیی ڕایگەیاندبوو، زریانێکی بەهێز لە بەفر و بەستەڵەک، لە شەممە 4ی تا دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، بەردەوام دەبێت و ڕووبەرێکی فراوانی بە ئەندازەی 2400 کیلۆمەتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دەگرێتەوە.