شاندێکی دەم پارتی دەچێتە پەرلەمانی تورکیا و ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 06-01-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەردانی پەرلەمانی تورکیا بکات، ئەو شاندە پێشتر سەردانیی ئیمراڵییان کردبوو و  چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کەوتبوو. 

 ڕۆژەڤی سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. شاندەکەی دەم پارتی دەیەوێت ناوەرۆکی سەردانەکەیان بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکاتەوە، تاوەکوو کۆدەنگییەکی تەواو لە پەرلەمانەوە هەبێت. 

شاندی دەم پارتی کە لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێک هاتووە، سەرەتا سەردانی فراکسیۆنی ئاکپارتی دەکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆ دەبێتەوە. 

جگە لە ئاکپارتی، شاندەکە لەگەڵ ئەحەمد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، کۆ دەبێتەوە.

 هاوکات، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 07-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا و دواتریش سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن ڕەفا بکات. 

هەرچی لەبارەی جەهەپەشە، کاتی دیدارەکە دیار نییە و  ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیاندا پرسی پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی تاوتوێ دەکەن.  

ئەو شاندەی دەم پارتی پێشتر، ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."