لێبڕینی ناچاری لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق ناڕەزایەتیی لێ دەکەوێتەوە
بری لێبڕینەکە مانگانە دەگاتە 70 ملیار دینار

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد حەسەنی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند، بەهۆی لێبڕینی ناچاریی لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە بیانووی پاڵپشتیکردنی لوبنان و غەززە، مانگانە 70 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت.
محەممەد حەسەنی بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "فەرمانبەران و خانەنشینان دوای بڕیاری لێبڕینی لەسەدا یەک لە مووچەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆیە داوا لە پەرلەمان دەکەم بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکەی حکوومەت، چونکە ئەوە یەکێکە لە فۆرمەکانی گەندەڵی. لێبڕینی زۆرەملێی مووچە بۆ پشتگیریکردنی دانیشتووانی لوبنان و غەززە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
ئەو شارەزا ئابوورییە، ئاماژەی بەوەش دا "فەرمانبەران و خانەنشینان پێیان وابوو بڕیارەکەی حکوومەت خۆبەخشانەیە، واتە هەرکەسێک ئارەزووی ئەوە نەکات، دەتوانێت داواکاریی کارگێڕیی پێشکەش بکات بۆ وەستاندنی لێبڕینەکە، بەڵام وا نەبوو."
دەشڵێت: "ڕێژەی لێبڕینەکە کە کۆی گشتی مانگانە دەکاتە 70 ملیار دینار، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر ئەو فەرمانبەرانە هەبێت کە مووچەیان کەمە."
مشتومڕ لەسەر لێبڕینی سەدا یەک لە مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان، ، جارێکی دیکە شەقامی عێراقی هەژاندەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە چل و حەوتەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا کە لە 19-11-2024 بەڕێوەچوو، بڕیاری دا وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی لەسەر لێبڕینی 1%ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت وەک هاوکارییەکی خۆبەخشانە دەرببڕێت. بۆ ئەوەی هاوکاری دانیشتووانی لوبنان و غەززەی پێ بکەن.