ماکرۆن: پێویستە تاران سنوورەکانی خۆی بزانێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت: پێویستە چیتر سنوورەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبەزێنێت، ئەگەر نا دەبێت، بیر لە باجەکەی بکاتەوە.
ماکرۆن، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، لە گوتاری کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، لەبارەی ڕێککەوتننامەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، گوتی: "ئێران هەموو سنوورەکانی بەزاندووە لە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هیچ هەناسەیەکی بۆ گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی 1+5 نەهێشتووتەوە.
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لەگەڵ تاران سازش نەکەین و پابەند نەبێت، وڵاتە ئەورووپییەکان بیر لە توندترکردنی سزاکان دەکەنەوە.
ماکرۆن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، جەختی لەوە کردەوە "ئێران مەترسییەکی سەرەکیی ستراتیجی و ئەمنییە بۆ فەرەنسا، ئەورووپییەکان و هەموو ناوچەکە."
هەرچەندە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت:" نیازێکی خراپمان نییە لە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم". هاوکات بەرنامەی ئەتۆمییەکەشی بە پرۆسەیەکی ئاشتیی و مەدەنیانە ناوبردووە.
لە ساڵی 2018 ئیدارەی ئەوکاتی ترەمپ، بە بیانووی پابەند نەبوونی ئێران بە ڕێککەوتننامەکەی 5+1ی ئەتۆمی، تاکلایەنە بڕیاری دەرچوونی لە ڕێککەوتنەکەدا و شەش سزای قورسی بە سەر تاران دا سەپاند، ئێستاش ڕاپۆرتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران هەڵپەساردنی ڕێککەوتنەکەی بۆ بەرزکردنەوەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی قۆستۆتەوە.
لەلای خۆشیانەوە هەر یەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا جەختیان کردووەتەوە، کە سەپاندنی سزای زیاتر بە سەر ئێران پێویستە.