هەڵمەتی کوتانی منداڵان دەستی پێکردەوە

12 کەس بەهۆی پەلاماردرانی سەگی هارەوە ڤاکسینیان بۆ کراوە

دوای ماوەیەک وەستان بەهۆی پشووی سەری ساڵی نوێوە،  هەڵمەتی کوتانی منداڵان دەستی پێکردەوە، یەکەمجاریشە لە هەولێر 12 کەس بەهۆی پەلاماردانی سەگی هارەوە ڤاکسینیان بۆ بکرێت.

بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە، هەڵمەتی کوتانی منداڵان ڕاگیرابوو،  بەڵام لەسەرجەم بنکە تەندروستییەکان دوو ڕۆژە دەستی پێکردووەتەوە.

گوتیشی: سەرجەم منداڵانی خوار پێنج ساڵ لەم هەڵمەتە کۆتانیان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی منداڵان لە نەخۆشکەوتن و توشبوونی ڤایرۆس پارێزراو بن، بەتایبەت لە نەخۆشییەکانی سورێژە، كۆكەڕەشە، دەردە كۆپان و ئیفلیجی.

هەروەها ئاماژەیدا، ساڵی ڕابردوو 331 هەزار و 886 منداڵی خوار پێنج ساڵ لە هەردوو ڕەگەزی کچ و کوڕ لەگەڵ 47 هەزار و 638 هاوڵاتی دیکە ، کوتانییان بۆ کراوە، لەگەڵ ئەمانیشدا 12 کەس کوتانیان بۆ کراوە کە سەگی هار پەلاماری دابوون.