لە نەجەف ئەفسەرێکی پۆلیس و گەنجێک دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچێک
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە پارێزگای نەجەف، وردەکاریی تاوانێکی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی خەڵکی پارێزگای بەغدای ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی لەلایەن یەکێک لە گەنجەکانی پارێزگای نەجەف هەڵخەڵەتێندرا.
سەرچاوەکە بە میدیای ناوخۆی گوت: "کچێکی تەمەن 17 ساڵی خەڵکی بەغدا، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئینستاگرام'ەوە گەنجێکی نەجەفیی ناسیوە، دواتر گەنجەکە بە بیانووی ناسینی خێزانەکەی، ئەو کچە بانگهێشتی نەجەف کردووە، دواتر کە کچەکە گەیشتووەتە شوێنی مەبەست بردوویانەتە یەکێک لە ماڵەکان لە گەڕەکی 'ئەلڕەحمە' و دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری و پاشان لە گەراجێک بەجێی هێشتووە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، "کاتێک کارمەندانی گەراجەکە هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، ئەوانیش ئەو کچەیان بردووە بۆ بنکەیەکی پۆلیس."
سەرچاوەکە دەشڵێت: "کاتێک کچەکە بەڵگەکانی پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵینەوە کردووە، بە مەبەستی ئیفادەدان لەسەر ڕووداوەکە و چۆنیەتی گەیشتن بە پارێزگاکە، ئاماژەی بەوەش دا، لەوکاتەی لە بنکەی پۆلیس بووە، دووجار لەلایەن ئەفسەری بنکەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "دادوەر دەستبەجێ بڕیاریدا کچەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەتمەند بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی پێویست."
ئەو سەرچاوەیە جەختیشی کردەوە، "بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەکی وردە لەگەڵ ئەفسەر و ئەندامانی ئەو بنکەیەی کە سەرەتا کچەکە بۆی گواستراوەتەوە."