وەزیری دەرەوەی کەنەدا بۆ ترەمپ: لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا تەسلیم نابین

میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا
میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا

وەزیری دەرەوەی کەنەدا وه‌ڵامی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه‌ كه‌ پێشنیازی كردووه‌ کەنەدا ببێتە ویلایەتی ژمارە 51ـی ئەمەریکا.

سێشه‌ممه‌، 7ـی كانوونی دووه‌می 2025، میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگه‌یاند، هەرگیز لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا تەسلیم نابن.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا گوتیشی، لێدوانه‌كانی تره‌مپ له‌ باره‌ی كه‌نه‌داوه‌، بێئاگایی و ناتێگه‌یشتنی ته‌واوه‌تییه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ وڵاتێكی وه‌كوو كه‌نه‌دا كه‌ چی وایكردووه‌ ببێته‌ وڵاتێكی به‌هێز‌.

چوارشەممە، 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی "زە تروس" ڕایگەیاند: "کەنەدییەکان پارەیەکی زۆر بە باج و پاراستنیان دەدەن، بەڵام بیرۆکەیەکی نایاب دەبێت ئەگەر ببنە ویلایەتێکی سەر بە ئەمەریکا."

ترەمپ هەر لە پەیامەکەیدا باسی لەوەش کردووە: "زۆرینەی کەنەدییەکان لەگەڵ ئەوەدان ببنە پەنجاویەکەمین ویلایەتی ئەمەریکا."

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی بەڵێنی زیادکردنی باجی گومرگی لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە، بۆ سەر کەنەدا و مەکسیک، ناڕەزایەتی فراوان دژی ترەمپ لەناو حکوومەتی کەنەدا دروست بووە.